ئێران هێرشێکی ئەلیکترۆنی کردە سەر دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی ئیسرائیل
  2024-03-24       216       

گروپێکی هاککەر کە پەیوەندییان بەکۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە، دوای ئەنجامدانی هێرشێکی ئەلیکترۆنی، چونەتە ناو تۆڕی دامەزراوەیەکی ئەتۆمیی هەستیار لەئیسرائیلەوەو هەزاران بەڵگەنامەی هەستیاران لەدامەرزاوەکە دزەپێکردوە.

هاککەرەکانی ئەم گروپە ئەلیکترۆنییە رایانگەیاندوە هەزاران بەڵگەنامەیان لەسەنتەری توێژینەوەی ئەتۆمیی شیمۆن پێرێس نیگۆ بردوه‌ کە دەکەوێتە شاری (دیمۆنا)و بەوێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا ناسراوە.

گروپەكه‌ بەئاشکرا هەزاران بەڵگەنامە لەنێویاندا ئیمەیڵ‌و فایلەکانیPDF و چەندین بەڵگەنامەی دەقیی پەیوەست بەو دامەزراوە ئەتۆمییەی لەلاپەڕەی تێلێگرامەکەیدا بڵاوکردۆتەوە.

وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنا ڕیاکتۆرێکی ئەتۆمیی تێدایە کە پەیوەندیی بەبەرنامەی نهێنیی چەکی ئەتۆمی ئیسرائیلەوە هەیە، لەماوەی ڕابردودا بوەتە ئامانجی هێرشی موشەکیی لەلایەن حەماسەوە.

لەکاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم هاککردنە، کەناڵی 12ی ئیسرائیل جەختیکردەوە، پسپۆڕانی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی لەئیسرائیل لێکۆڵینەوە لەئەسڵیی بەڵگەنامە بڵاوکراوەکان دەکەن.

ئەو گروپە هاککەرەی سەر بەئێران لەهەژماری خۆیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی “X” نوسیویانە:“بەوپێیەی ئێمە وەک بنیامین ناتانیاهۆو سوپای تیرۆریستیی ئەو خوێنڕێژ نین، ئەم ئۆپەراسیۆنەمان بەشێوەیەک ئەنجامدا کە خەڵکی سڤیل زیانیان پێنەگەیشت .”

لەکاتێکدا بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان ئاماژەن بۆ ئەگەری دزەکردنی هاکەرەکان بۆ ناو تۆڕی ئایتیی کە پەیوەندیی بەدامەزراوەی ئەتۆمی دیمۆنا هەیە، بەڵام تائێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر دەستدرێژیکردنەسەر تۆڕی کارپێکردنی دامەزراوەکە ئاشکرانەکراوە.

بەوتەی شارەزایان، دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسرائیل چەند چینێکی ئەمنییان هەیە بۆ ڕێگریکردن لەڕوداوی هێرشی ئەلیکترۆنیی سەخت، هەروەک سیستەمی کارپێکردنیان بەشێوەیەکە زۆر قورسە لەدورەوە هاکبکرێت وەک هاکی ئەلیکترۆنی.

لەو چوارچێوەیەدا، کایل مێسینگ سەرۆکی کۆمپانیای سایبێرسیکیوریتی چێکپۆینت، وتی:"هەندێک لەو هێرشانەی کە ئەم گروپانە بانگەشەی بۆ دەکەن ساختەن‌و هەندێکی تریش ڕاستەقینەن، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تائێستا ئەستەمە بتوانین پشتڕاست بکرێتەوە کە دوایین هێرشەکە ڕاستەقینەیە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×