لە گەورەترین پاڵاوگەی ئێران تەقینەوە روویدا
  2024-03-07       388       

تەقینەوەیەک لە پاڵاوگەی ئافتاب روویدا کە بە گەورەترین پاڵاوگەی نەوت لە وڵاتی ئێران دادەنرێت.

ئاژانسی هەواڵی ئیسنا بڵاویکردەوە:" لە پاڵاوگەی نەوتی ئافتاب لە بەندەرعەباس کە دەکەوێتە باشووری ئێران، تەقینەوەیەک روویداوە و دەوترێت، بەهۆی رووداوەکەشەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاری تەواو لەبارەی زیان و قوربانییەکانی رووداوەکەوە بەردەست نییە".

هاوکات بەرپرسی پەیوەندییەکانی پاڵاوگەکە رەتیکردەوە تەقینەوەکە زیانی گەورەی لێکەوتبێتەوە و رایگەیاند:" لە ئەنجامی تەقینەوەکە ئاگرکەوتووەتەوە، بەڵام زیانێکی جددی بەر کارمەندان و کرێکارانی پاڵاوگەکە نەکەوتووە، تەنها دوو کارمەند بە سووکی برینداربوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە".

تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەبارەی هۆکاری تەقینەوەکەوە نەدراوە، بەڵام میدیاکانی ئێران ئاشکرایانکرد:" رووداوەکە لە کاتێکدا روویداوە کە کرێکاران سەرقاڵی چاککردنەوەی یەکێک لە کورەکانی پاڵاوگەکە بوون و ئاگری گرتووە".

پاڵاوگەی ئافتاب لە ساڵی 2006 دەستی بە کارەکانی کردووە و بە گەورەترین پاڵاوگەی نەوت لە ئێران دادەنرێت و رۆڵێکی گرنگی لە هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەدا هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×