فەرماندەیى ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا ئاشکرایکرد، لە هێرشى حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بارهەڵگرەکە، سێ کەس کوژراون و چوارى دیکە برینداربوون.
فەرماندەیى ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، رۆژى 6ـى ئازارى 2024، لەناوچەکانى یەمەن کە لەژێر دەستى حوسییەکاندان، مووشەکێکى دژە کەشتى نراوە بە کەشتى M/V True Confidence کە خاوەندارێتى بۆ لیبریا دەگەڕێتەوە و ئاڵاى باربادۆسى پێوەبووە.
ئاماژە بەوەکراوە، کەشتییەکە بارهەڵگر بووە و بە کەنداوى عەدەندا رۆیشتووە، بەگوێرەى زانیارییەکانى تیمى کەشتیوانى، سێ ئەندامیان کوژراون و چوارى دیکە بریندارن، هەروەها برینى سێ لە بریندارەکان سەختە و کەشتییەکەش زیانى زۆرى بەرکەوتووە.
سێنتکۆم باسى لەوەشکردووە، تیمى کەشتیوانى کەشتییەکەیان جێهێشتووە و هاوکات کەشتییە جەنگییەکان چوونەتە ناوچەکە و هەڵسەندنگان بۆ بارودۆخەکە دەکەن.
ئاماژە بەوەکراوە، لەماوەى دوو رۆژى رابردودا ئەوە پێنجەم مووشەکى بالیستییە حوسییەکان بەرەو کەشتییە بازرگانییەکان هەڵیدەدەن، ئەو هێرشانە دەبنە هۆى پەکخستنى بازرگانیى جیهانى و بوونەتە هۆى کەوتنەوەى قوربانى لە ریزى کەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان.