ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكانی غەزە بۆ ١٣٣ كەس بەرز بووەوە
  2024-03-06       181       

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی غەزە بڵاوی كردەوە، لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ١٣٣ ڕۆژنامەنووس لە كەرتی غەزە كوژراون.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی غەزە لە كەناڵی تێلێگرامی تایبەت بە خۆیان لەبارەی كوژرانی چەند ڕۆژنامەنووسێكەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ٧ـی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ژمارەی ڕۆژنامەنووسە كوژراوەكان بۆ ١٣٣ كەس بەرزبووەوە، كۆتا ڕۆژنامەنوسیش محەممەد سەلامی پێشكەشكاری و ڕۆژنامەنووس بوو لە كەناڵی ئەقسا.

ئاماژە بەوەش كراوە، ئیسرائیل ڕۆژنامەنووسان بە ئەنقەست دەكوژرێت، بە ئامانجی شێواندن و تەمومژاویكردنی ڕاستییەكان و ڕێگریكردن لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری بە ڕای گشتی ناوچەیی و جیهانی.

ڕێكخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور پێشتر بڵاوی كردەوە، كەرتی غەزەی بووە بە گۆڕستانێك بۆ ڕۆژنامەنووسان، چونكە ئیسرائیل بە ئەنقەست ڕۆژنامەنووسان دەكوژێت، شێوازی جۆراوجۆر بۆ ڕێگریكردنیان لە كارەكانیاندا جێبەجێ دەكات، جگە لە گەمارۆدان و ڕێگریكردن لە چوونە ژوورەوەی ڕۆژنامەنووسانی بیانی بۆ غەزە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×