سبەینێ هەڵبژاردن لە ئێران دەستپێدەكات
  2024-02-29       240       

بڕیارە سبەینێ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری بەڕێووەبچێت و هەر لە ئێستاوە دەنگێکی بەرزی بایکۆت لەو وڵاتەدا هەیە و ئاستى بایکۆتەکەش بەرزبووەتەوە.

لەكۆی ٨٥ ملیۆن هاوڵاتیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ٦١ ملیۆن هاوڵاتیی مافی دەنگدانیان هەیە، هاوكات زیاتر لە ١٥ هەزار كەس بۆ پەرلەمان كاندیدن، هەروەها ١٤٤ كەسیش بۆ ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری كاندیدن.

سەرەڕای ئەوەی سبەینێ هەڵبژاردنەكە دەستپێ دەكات، بەڵام چالاكوانانی بواری ژنان لە شاری سنە ڕایانگەیاند: بایكۆتی هەڵبژاردنی ١٢ـەمین خولی پەرلەمان دەكەن، بانگەوازیشیان بۆ خەڵكی ئێران كرد، كە ڕۆژی ١ـی ئادار لە ماڵەكانیان بمێننەوە و ئەو جۆرە هەڵبژاردنە ڕەتبكەنەوە.

بڕیارە سبەینێ هەڵبژاردنی خولی ١٢ـەمین پەرلەمان و خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران بەڕێووەبچێت، ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییە سیاسییەكانی ئێران ڕایانگەیاندووە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نابن، لەوەڵامدا ئایەتوڵا خامەنەیی، ڕێبەری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن، هیچ دەستكەوتێكی بۆ كەسانی ناڕازیی نابێت.

بەپێی ئامارەكان، لە كۆی ٨٥ ملیۆن هاوڵاتیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ٦١ ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە، هاوكات ١٥ هەزار و ٢٠٠ كەس بۆ ٢٩٠ كورسی پەرلەمان كاندیدن، هەروەها ١٤٤ كەسیش بۆ ٨٨ كورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری كاندیدن، ٥٩ هەزار بنكەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ دەنگدەران ئامادەكراون.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، ٣٠ ملیۆن دەنگدەر واتە نزیكەی نیوەی دەنگدەران ئێران ژنن، ڕێژەی كاندیدانی ژن تەنیا ١٢٪ـە، هەروەها لەكۆی ٢٩٠ پەرلەمانتاری ئێستا تەنیا ١٦ پەرلەمانتار ژنن، بریاریشە هەڵبژاردنی هەردوو دامەزراوە یاساییەكەی ئێران بە یەك خول بەڕێوەبچێت.

هەر سبەینێ ٨٨ ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری بە دەنگدانی ڕاستەوخۆ بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن، كە سەرجەمیان پیاون، ئەم ئەنجوومەنە دەسەڵاتی گۆڕین و متمانەبەخشینی بە ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە كە  بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەكەیە.

كەمترین ڕێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٠ بوو، كە ٤٢٪ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردن كرد، كە ئەمەش بە كەمترین ڕێژە دادەنرێت لە ماوەی درووستبوونی دەسەڵاتی ئێران.

چاودێرانی ئێرانیش پێیان وایە، ئەم هەڵبژاردنە ساردترین هەڵبژاردنی هەموو تەمەنی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، چاوەڕێ دەكرێت لەم هەڵبژاردنەدا كەمترین ڕێژەی بەشداریی هاوڵاتییان تۆماربكرێت، چونكە بۆ یەكەمجار سەدان كەسایەتیی سیاسیی ڕیفۆرمخوازەکان لە ئێرانەوە ڕایانگەیاندووە، لەو هەڵبژاردندا بەشدار نابن لەبەرئەوەی هیچ هیوایەكیان بۆ گۆڕانکاری نەماوە.

تەهوورا نەورۆزی، كاندیدی بناژۆخواز و سەرۆكی خانەی عیفاف و حیجاب بە میدیاكانی ئێرانی ڕایگەیاند، خەڵك نەك بێ هیوان، پێشیانوایە بارودۆخەكە بە هیچ شێوەیەك گۆڕانی بەسەردا نایەت، بێ هیوایی لە گۆڕانکاری زۆر مایەی نیگەرانییە.

سەركوتكردنی داخوازییە كۆمەڵایەتییەكانی هاوڵاتییان و بە تایبەت ژنان لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەك و ئەو گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییانەی لە ئەنجامی سیاسەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكانی ئێرانەوە خراونەتە سەر ئەم وڵاتە، زۆرینەی هاوڵاتییانی بێهیوا كردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×