پنتاگۆن: تائێستا ٢٣٠ هێرشمان كردووەتە سەر حووسییەكانی یەمەن
  2024-02-28       150       

جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان تا ئێستا ٢٣٠ هێرشمان بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن ئەنجامداوە.

دانیال شاپیرۆ، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بارەی ژمارەی هێرشەكانیان بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان تا ئێستا ٢٣٠ هێرشمان بۆ سەر حووسییەكانی یەمەن ئەنجامداوە و تێیدا بنكە و بارەگا و جبەخانەكانی ئەو گرووپەمان كردووەتە ئامانج.

دانیال شاپیرۆ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ڕایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا سەدان پارچە چەكی حووسییەكانیان لە ناوبردووە.

دوابەدوای پەرەسەندنی شەڕەكانی غەزە حووسییەكان ڕایانگەیاند، هێرش بۆ سەر خاكی ئیسرائیل دەست پێ دەكەن و ڕێگە نادەن ئەو كەشتیانەی پەیوەستن بەو وڵاتەوە، بە ئاوی دەریای سوور و گەرووی باب مەنداب تێپەڕن، تا ئەوكاتەی ئیسرائیل هێرشەكانی دەوەستێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×