كێبڵی ئینتەرنێتى بەشێکى وڵاتانى جیهان لە دەریایی سوور پچڕا
  2024-02-27       690       

كۆمپانیاكانی ئینتەرنێتی جیهانی بڵاوی كردەوە، ماوەی چەند ڕۆژێكە كێبڵی ئینتەرنێتی نیمچە دوورگەی عەرەبی و ئەفریقا لە ژێر دەریایی سوور لە نزیك كەناراوەكانی یەمەن پچڕاوە، ئەمریكا و ئیسرائیل حووسییەكانی یەمەن بە پچڕانى کێبڵەکان تۆمەتبار دەكەن.

ماڵپەڕی گڵۆبسی ئیسرائیل و كۆمپانیای سیكۆمی ئنیتەرنێتی نێودەوڵەتی هەواڵی پچڕانی كێبڵی ئینتەرنێتى بەشێكی وڵاتانى جیهانى لە دەریایی سوور بڵاو كردوەتەوە.

كۆمپانیای سیكۆم بڵاوی كردەوە، ماوەی چەند ڕۆژێكە كێبڵی ئینتەرنێتی نیمچە دوورگەی عەرەبی و ئەفریقا لە ژێر دەریایی سوور لە نزیك كەناراوەكانی یەمەن پچڕاوە، ئەمریكا و ئیسرائیل حووسییەكانی یەمەن بەو کارە تۆمەتبار دەكەن.

ماڵپەڕی گڵۆبسی ئیسرائیل بڵاوی كردووە، گرووپی حووسییەكان لە پشت بڕینی كێبڵی پەیوەندییەكانەوە بوون، چوار لەو كێبڵانە سەر بە كۆمپانیاكای سیكۆم بوون، بریتین لە ( AAE-1، EIG، TGN)، كە بووە هۆی پچڕانی پەیوەندییەكانی ئینتەرنێت لە نێوان ئەوروپا و ئاسیادا، هەروەها کاریگەرى لەسەر هەندێك لە وڵاتانی كەنداو و هیندستانیش هەبووە.

دەشڵێن، بەپێی خەمڵاندنەكان زیانەكانی پچڕانی پەیوەندییەكان زۆرن، بەڵام هەندێك كێبڵی دیكە، كە بە هەمان ناوچەدا تێدەپەڕن و ئاسیا و ئەفریقا و ئەوروپا بە یەكەوە دەبەستنەوە زیانیان پێنەگەیشتووە، بەپێی خەمڵاندنەكان، چاككردنەوەی ئەو كێبڵانەی پچڕاون، لانیكەم هەشت هەفتەی پێدەچێت.

كۆمپانیای چاودێری ئینتەرنێت نێتبلۆكس لە ڕێگەی لە پلاتفۆرمی “X” پشتڕاستی كردەوە، خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت لە وڵاتی جیبۆتی تێكچووە، ڕەنگە بەهۆی پچڕانی كێبڵەكانەوە بوو بێت.

كێبڵی AAE-1 لە ڕێگەی میسرەوە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بە ئەوروپا دەبەستێتەوە، هەروەها لە ڕێگەی وڵاتانی وەك پاكستان و قەتەر و چین بە ڕۆژئاوا دەبەستێتەوە، لە كاتێكدا سیستەمی كێبڵی (EIG) دەروازەی ئەوروپا-هیندستان و باشووری ئەوروپا بە میسر، سعودیە، جیبۆتی، ئیمارات و هیندستان دەبەستێتەوە.

كۆمپانیای سیكۆم ڕایگەیاندووە، بەهۆی مەترسییە ئەمنییەكانی ئێستای ناوچەكە ناتوانن كارەكانی چاككردنەوە ئەو كێبڵانە ئەنجام بدەن، ئەمەش نیگەرانییەكانی لەبارەی بەردەوامیی خزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییەكان لە ناوچەكەدا دروستكردووە.

بە وتەى چاودێران هەرچەندە تا ئێستا هۆكاری پچڕانەكە لەلایەن حووسییەكانەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە، بەڵام پەیوەندی بە گرژییە بەردەوامەكانی ناوچەكەوە هەیە، ئەمەش وایكردووە كاری چاككردنەوەی كێبڵەكان گرفتی بۆ درووست بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×