نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ژنان و منداڵانی کچی فەڵەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەهەموو شێوازێک پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت، دەستدرێژی دەکرێتە سەریان و کۆمەڵکوژ دەکرێن.
نووسینگەی کۆمیساریانی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا گەنیگەرانی خۆی لە دۆخی فەڵەستین و بەتابەت ژنانی کەرتی غەزە دەربڕیووە، چونکە لە ڕۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمەوە، بەهەموو شێوەیەک مافیان پێشێل دەکرێت و ڕووبەڕووی دەستدرێژیی و کوشتنی بە ئەنقەست دەبنەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، داواش دەکات بە زووترین کات لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ژنان و منداڵانی کچ لە غەزە زۆرجار بە دەستی سووپای ئیسرائیل گوللـەباران کراون، هەروەها کاتێک هەوڵیانداوە ناوچەی شەڕ جێبهێڵن و ئاڵای سپییان بەدەستەوە بووە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەکەدا وتووشیەتی: زۆر نیگەرانین لەوەی ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو ژنە فەڵەستینیانەی بە دیلی کەوتوونەتە دەستی سووپای ئیسرائیل دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەریان، لەلایەن ئەفسەرە پیاوەکانەوە پشکنینیان بۆکراوە و بەشێكی دیکەشیان هەڕەشەی دەستدرێژی کردنە سەر و بەکارهێنانی توندوتیژیی سێکسییان لێ کراوە.
دەشڵێن: سووپای ئیسرائیل لەکاتی سووکایەتی کردن بە ژنە فەڵەستیینییەکان بەشێوەیەکی نەشیاو وێنەی گرتوون و بڵاویان کردووەتەوە.
ئەم بەیاننامە و دەربڕینی نیگەرانییەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدایە ماوەی چوار مانگ زیاترە پێکدادانی چەکداریی لەنێوان حەماس و سووپای ئیسرائیلدا درووستبووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری قوربانییەکان لە زیادبووندان، بە فەرمیش ئاشکرا بووە بەشی زۆری ئەوانەشی کوژراون لە کەرتی غەزە ژنان و منداڵانن.