لە میانەی ئاڵۆزییەکاندا؛ ئێران پەردە لەسەر دو سیستمی بەرگری ئاسمانی نوێ لادەدات
  2024-02-18       305       

کۆماری ئیسلامی ئێران هەریەکە لە سیستمەکانی بەرگری "ئارمان" و "ئازەرخش"ی خستە بواری خزمەتەوە کە یەکێکیان تایبەتە بە بەرگری کردن لە هێرشە ئاسمانییە بەرزەکان و ئەوی دیکەیان تایبەتە بە هێرشە ئاسمانییە نزمەکان.

تەلەڤسیۆنی فەرمی ئێران بڵاویکردەوە، پەردە لەسەر سیستمی "ئارمان"ی دژە موشەکی بالیستی و سیستمی "ئازەرخش"ی تایبەت بە بەرگری ئاسمانی نزم لادراوە.

لەو بارەیەشەوە محەمەد رەزا ئەشتیانی وەزیری بەرگری ئێران لە ئاهەنگی ناساندنی ئەو دو سیستمە ئاسمانییە رایگەیاند، ئەمڕۆ پەردە لەسەر دو دەستکەوتی گەورە لە بواری پیشەسازی بەرگری ئێرانی لادرا.

ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمی ئارمان سیستمێکی کارپێکراوی مەودا مامناوەندە و دەتوانێت لە دوری 180 کیلۆمەترەوە ئامانجەکەی دیاری بکات و لە دوری 120 کیلۆمەترەوە هێرشی دوژمن تێکبشکێنێت.

ئەوەشی خستەڕو، ئەو سیستمە لە ماوەی سێ خولەکدا ئامادە دەبێت بۆ کارکردن و دەبێتە قەڵغانێکی متمانەپێکراو بۆ بەرگریکردن لە وڵات، سیستمی ئازەرخشیش دەتوانێت لە دوری 50 کیلۆمەترەوە هێرشە ئاسمانییە نزمەکان بپێکێت و توانای هەڵگرتنی چوار موشەکی هەیە.

راگەیاندنی ئەم دو جۆرە سیستمە ئاسمانییەی ئێران لە میانەی زیادبونی ئاڵۆزییەکانە لە ناوچەکە، بەوپێیەی حوسییەکانی یەمەن زنجیرەیەک هێرشیان کردوەتە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سور و کەنداوی عەدەن وەک پشتیوانییەک لە کەرتی غەززە.

لە رۆژی 7ی مانگی (تشرینی یەکەم/10)ی ساڵی رابردوەوە ئیسرائیل جەنگێکی وێرانکەری دژ بە غەززە هەڵگیرساندوە و بەهۆیەوە دەیان هەزار هاوڵاتی سیڤیل کوژراون و زۆربەیان ژن و منداڵن، جگە لەو کارەساتە مرۆییە نەبینراوەی بە ژێرخانی کەرتەکە گەیشتوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×