سودانی بۆ جێگری سەرۆکی ئەمریکا: هەڵوێستی عێراق لەبارەی سەروەری خاکەکەی جێگیر و نەگۆڕە
  2024-02-16       328       

محەمەد شیاع سودانی لە کۆبونەوەیەکدا بە جێگری سەرۆکی ئەمریکای راگەیاند، هەڵوێستی عێراق لەبارەی سەروەری خاکەکەی جێگیر و نەگۆڕە، چونکە بنەمای سەروەری شتێک نییە پشتگوێ بخرێت، لە بەرامبەردا جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتی، "هۆشدارین لە سەرخستنی عێراق لە بوارە جیاوازەکاندا."

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسی میونشن چاوی بە کەمالا هارێس جێگری سەرۆکی ئەمریکا کەوت و کۆبونەوەیەکیان لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکە سودانی و هارێس گفوتگۆیان لەبارەی پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کرد و جەختیانکردوە لە بەردەوامی گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای هاوبەشی بەغدا – واشنتن بۆ کۆتایی هێنان بە ئەرکی هێزی هاوپەیمانان، دوای هەڵسەنگاندنی هێزە چەکدارەکانی عێراق و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پاشماوەی تیرۆرستان.

جگە لەوەش سەرۆک وەزیرانی عێراق و جێگری سەرۆکی ئەمریکا پرسی بەرزکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن بۆ بواری ئابوری و گەشەپێدان تاوتوێ کرد.

هاوکات محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەڵوێستی بەغدا لەبارەی سەروەری خاکەکەیەوە جێگیرە، چونکە بنەمای سەروەری، بنەمایەکە ناتوانێر لەژێر هۆکار و هەلومەرجی جیاواز پشتگوێ بخرێت یان فەرامۆش بکرێت.

لە بەرامبەردا کامالا هارێس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد، ئیدارەی ئەمریکا هۆشدارە لە سەرکەوتنی حکومەتی عێراق لە بوار و ئاڵنگارییە جیاوازەکان، حکومەتی ئێستای عێراقیش تواناکانی سەلماندوە لە دۆزینەوەی هاوبەشی سەرکەوت و پاراستنی سەقامگیری عێراق، جگە لەوەش ئەمریکا گرنگییەکی زۆر بە گفتوگۆکانی لیژنەی باڵای سەربازی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەدات.

هاوکات هەر لەو کۆبونەوەیە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوبارە محەمەد شیاع سودانی بانگهێشتی واشنتن کردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×