ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا لە زیندان گیانی لەدەستدا
  2024-02-16       406       

فەرمانگەی گرتوخانە فیدراڵییەكانی روسیا، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاند، ئەلێكسی ناڤالنی، سەكردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا دوای تێكچونی باری تەندروستی لە زیندان گیانی لەدەستدا. ناڤالنی دیارترین سەركردەی ئۆپۆزسیۆن و سەرسەخترین رەخنەگری ڤیلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا بو.

ئاوێنە: فەرمانگەی گرتوخانە فیدراڵییەكانی روسیا، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، ئەلێكسی ناڤالنی، سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا لەدوای تێكچونی باری تەندروستی لە زیندان گیانی لەدەستداوەو دەست بە لێكۆڵینەوە لەبارەی هۆكاری گیانلەدەستدانی كراوە.

ناڤالنی كە وەك دیارترین سەركردەی ئۆپۆزسییۆنی روسیا لەماوەی 10 ساڵی رابردودا سەیردەكراو سەرسەخترین رەخنەگری ڤیلادیمێر پوتین بو، لەسەر چەند تۆمەتێك سزای زیندانیكردنی بەسەردا سەپێنرابو كە سزادانی زیاتر بە هۆكاری سیاسی لێكدەدرێتەوە.

ئەو سەركردەیەی ئۆپۆزسیۆن لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردو گواسترایەوە بۆ زیندانێك لە جەمسەری باكور كە بە یەكێك لە زیندانە سەختەكان دەژمێردرێت.

فەرمانگەی خزمەتگوزاری زیندانەكان لە ناوچەی یامالۆ نێنێتس لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ناڤالنی، ئەمڕۆ هەینی، لەدوای بەپێ رۆیشتن باری تەندروستی تێكچوەو دەستبەجێ لەهۆش خۆی چوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تیمی فریاكەوتنی پزیشكی بانگكراومان و هەوڵیان داوە چارەسەری بكەن بەڵام بێ سود بوە.

جەختیشی كردۆتەوە، ناوبراو گیانی لەدەستداوەو لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لە هۆكاری مردنی دەكرێت.

دیمیتری پیسكۆف، وتەبێژی كۆشكی كرملین رایگەیاند، گیانلەدەستدانی ناڤالنی بە پوتین راگەیەندراوەو لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن لەبارەی هۆكاری گیانلەدەستدانی ناوبراو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×