ئه‌مڕۆ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەستپێدەکات
  2024-02-16       284       

ئەمڕۆ هەینی 60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداریی چەندین سەركردەی جیهانی دەستپێدەكات و تاوەکو رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت. محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی بەشداری كۆنفرانسەكە دەكەن.

ئاوێنە: 60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە دروشمی "جەنگ دۆڕانە بۆ هەموان؟" بەڕێوەدەچێت و بڕیارە تێیدا سەرکردەکان ئەو چەند پرسێكی پرسێك تاوتوێ بکەن لەوانە شەڕی ئۆكرانیا، داهاتوی سیستمی جیهانی و گۆڕانی كەشوهەوا.

دوێنێ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە جیا گەیشتنە ئەڵمانیا بۆ بەشداری لە كۆنفرانسەكە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی "بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان، به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تيرۆر، هاريكاريى هاوبه‌ش له‌ بوارى ئه‌منيدا، گرنگيى كارى پێكه‌وه‌يى و هه‌وڵدان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی له‌ عێراق و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و دورخستنه‌وه‌يان له‌ ئاڵۆزى و پشێويى زياتر، له‌گه‌ڵ سه‌ركرده و به‌رپرسی وڵاتان، تاوتوێ ده‌كات."

 هەر دوێنێ پێنجشەممە، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا وتی، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەردانی ئەڵمانیا دەکات و "‎لەمیانی بەڕێوەچونی کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارەیەک دیداری سیاسیی گرنگ لەگەڵ سەرکردەو لێپرسراوانی باڵای وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا ئەنجامدەدات و سیاسەت و ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبەرامبەر پرسە هەنوکەیی و چارەنوسسازەکاندا دەخاتەڕو."

بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی، ‎تەوەرێکیتری دیدارەکانی بافڵ تاڵەبانی، "پاراستنی سەقامگیری و دورخستنەوەی هەرێمی کوردستان و عێراقە لە گرژییەکانی ناوچەکە، جگەلەوەی پرسی روبەڕوبونەوەی تیرۆر و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان تاوتوێ دەکرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×