لوبنان؛ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل چوار کەس کوژران
  2024-02-15       272       


ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی لوبنان بڵاویکردەوە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەیەک لە شاری "النبطيە" لە باشوری ئەو وڵاتە، چوار کەس کوژراون.

ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی لوبنان بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان  بە موشەکێکی رێنماییکراو هێرشیکردوەتە سەر شوقەیەکی نیشتەجێبون لە باڵەخانەیەکی ناوەندی شار، ئەوەش بوەهۆی وێرانبونی شوقەکە و دروستبونی درزێکی گەورە لە باڵەخانەکەدا کە خەریکە دەڕوخێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی دەستبەجێ گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە، لەوێ چوار تەرم دەرهێنراون، لەکاتێکدا گەڕان بەدوای تەرمی پێنجەمدا بەردەوامە کە ڕەنگە لە شوقەکەدا بێت.

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردوە، ژمارەیەک لە بریندارەکان لە شوێنەکەوە گواستراونەتەوە، هێرشەکە "زیانێکی زۆر"ی بە بیناکانی دەوروبەری و ئۆتۆمبێلەکانی وەستاو لە شەقامەکەدا گەیاندوە.

پارێزگای النبطية لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە داخستنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکەی راگەیاند، "بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی لە ئەنجامی دوبارەبونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە دروستبوە، بەمەبەستی دڵنیابون لە سەلامەتی کارمەندان و لایەنە پەیوەندیدارەکان".

ئاژانسەکە رونیشیکردەوە، زۆربەی قوتابخانە و ئامادەیی و پەیمانگا حکومی و ئەهلییەکانی النبطية و ناوچەکەی داخراون، ئەوەش لەژێر رۆشنایی "هەڵکشانی شەڕانگێزی ئیسرائیل".

دوێنێ میدیاکانی سەر بە حزبوڵای لوبنان رایانگەیاندبو، بەهۆی هەڵمەتەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان، چوار هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و نۆی دیکەش برینداربون، هاوکات گروپەکە کوژرانی یەکێک لە ئەندامەکانی پشتڕاستکردەوە.

لەلایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بەهۆی هێرشی موشەکی بۆ سەر باکوری ئیسرائیل، ژنێک کوژراوە و حەوت کەسی دیکەش برینداربون، سوپای ئیسرائیلیش وەڵامی سەرچاوەی هەڵدانی موشەکەکانی داوەتەوە.

نزیکەی رۆژانە تۆپبارانی سنور بەزاندن لە نێوان سوپای ئیسرائیل لە لایەک و حزبوڵا و کوتلە چەکدارەکانی فەڵەستینی لە لوبنان لە لایەکی دیکەوە رودەدات، ئەوەش هاوکات بو لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە 7ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2023وە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×