ئێران: تەقینەوەکانی ئەم بەیانییە هێرشی تیرۆرستی بوون
  2024-02-14       574       

وەزیری نەوتی ئێران ئاشکرایکرد، تەقینەوەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی وڵاتەکەی، هێرشی تیرۆرستی بوون.

جەواد ئوجی وەزی نەوتی ئێران رایگەیاند:" ئەو تەقینەوانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یەکێک لە تۆڕەکانی هێڵی گواستنەوەی گاز لە سێ ناوچەی پارێزگای فارس روویاندا، هێرشی تیرۆرستی بوون".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئامادەکاریمان کردبوو بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراوی هاوشێوە، بۆیە لەکاتی رووداوەکەی ئەمڕۆدا بە زووی رووبەڕووی بووینەوە".

شایەنی باسە تاوەکو ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکانی ئەمڕۆی ئێران رانەگەیاندووە.

پێشتر میدیا ناوخۆییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە:" بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێڵێکی بۆری گازی ئێران لە نزیک شاری برۆجن لە سنووری پارێزگای چوارمەحەل تەقیوەتەوە".
 ئاژانسی هەواڵی سەدا و سیما لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە:" دەنگی تەقینەوەکە بەشێوەیەک بەرز بووە کە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە". 
هاوکات فەتاح کەرەمی پارێزگاری شاری برۆجن رایگەیاند:" تەقینەوەکە لە هێڵی گازی پەستانی بەرزی نیشتمانی حەلڤایی روویداوە".

 لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل یەزدانی بەرپرسی بەرگری فریاکەوتنی برۆجن وتی:" رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە".

شایەنی باسە دوایین رووداوی تەقینەوە لە ئێران بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، کە لە میانەی بەڕێوەچوونی مەراسیمی یادکردنەوەی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە رۆژهەڵاتی کرمان و لە نزیک گۆڕی ناوبراو، دوو تەقینەوە روویاندا و بەهۆیەوە نزیکەی 100 کەسی گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 250 کەسی دیکەش بریندار بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×