به‌هۆی‌ هه‌ڵه‌یه‌كه‌وه‌ سەرۆكی هەنگاریا دەستیلەكاركێشایەوە
  2024-02-10       545       
كاتالین نۆڤاك

نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا دەستیلەکارکێشایەوە دوای ئەوەی ئاشکرابو کە لێخۆشبونی بۆ پیاوێک دەرکردووه‌ تاوانباربووه‌ بەپەردەپۆشکردنی کەیسێکی دەستدرێژیی سێکسی لەباخچەیەکی منداڵان.

ئاوێنه‌: كاتالین نۆڤاك لەوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕونکردەنەوەی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکەیداو وتی، "هەڵەم کرد، ئەمڕۆ دواین رۆژمە وەکو سەرۆک وتار پێشکێش دەکەم."

وتیشی‌، "نیسانی رابردو بڕیاری لێخۆشبونم دەرکرد، باوەڕم وابو کە تاوانبار هەستیاریی دۆخی منداڵانی خراپ بەکارنەهێناوە کە خۆی سەرپەرشتیاریان بووە."
 
دەشڵێت، "لەلێخۆشبونەکە هەڵەم کردووەو بێ پاساویش هۆکاری زیادکردنی گومانەکان بو لەلێبوردنی کردارەکە کە دەچێتە قاڵبی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵان."

بڕیارەكەی نۆڤاك كاردانەوەی توندی له‌و وڵاته‌ بەدوای خۆیدا هێناوەو یەكێك لەو قوربانییانەی دەستدرێژی كراوەتەسەر، رەخنە لەنۆڤاك دەگرێت‌و داوای رونكردنەوەی لێدەكات. هاوكات پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی هەنگاریاش داواییانكرد دەستلەكاربكێشێتەوە.

نۆڤاك له‌دایكبوی 6ی سێپتێمبه‌ری 1977و ئه‌ندامی پارتی یه‌كێتی مه‌ده‌نی هه‌نگاریا "فیدز"ـه‌.

یه‌كه‌م ژنه‌ له‌هه‌نگاریا پۆستی سه‌رۆكی كۆمار وه‌ربگرێت‌و له‌ڕوی ته‌مه‌نه‌وه‌ گه‌نجترین سه‌رۆكه‌ له‌سه‌ر كورسی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی دانیشتبێت.

له‌روی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، نۆڤاك خێزانێكی ته‌بای هه‌یه‌و هاوسه‌رداره‌و سێ منداڵیان هه‌یه‌، هاوسه‌ره‌كه‌ی ئیستڤان فیریس، شاره‌زایه‌كی ئابوری ناوداری هه‌نگاریایه‌.

کاتالین لەنیسانی 2023 بەر لەسەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، لێخۆشبونی بۆ ژمارەیەک تاوانبار دەرکرد کە تاوانبار بون بەدەستدرێژی بۆ سەر منداڵان، لەنێویاندا پیاوێک بەناوی ئێندری کەی، کە جێگری بەڕێوەبەری باخچەکەی منداڵان بو.
 
ئێندری لە 2022 سزای زیندانی سێ ساڵ و چوار مانگی بۆ بڕدرابوەوەو بۆ پێنج ساڵیش هەموو کارو چالاکییەکی لێ قەدەغەکرابوو، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ منداڵان بەهەموو شێوەیەک لێ قەدەغە کرا، بەڵام لێخۆشبونەکەی سەرۆکی وڵات وایکرد ناوبراو ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×