سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا: بایدن دەبێت بزانێت سیاسەتی رازیكردنی ئێران شكستی هێنا
  2024-02-03       353       

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كە لە كۆمارییەكانە، رەخنە لە شێوازی هێرشەكانی ئەمریكا لە سوریاو عێراق دەگرێت و دەڵێت، دەبو وەڵامی ئەمریكا بۆ میلیشیاكانی سەربە ئێران رون و یەكلاكەرەوە بێت. دەشڵێت، بایدن دەبێت بزانێت سیاسەتی رازیكردنی ئێران، شكستی هێنا.

ئاوێنە: مایك جۆنسن، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا، لەدوای هێرشەكانی شەوی رابردوی ئەمریكا، لە راگەیەندراوێكدا رەخنەی توندی لە سیاسەتەكانی ئیدارەی بایدن بەرامبەر بە ئێران گرت.

جۆنسن وتویەتی، "مەرگی تراژیدی سێ سەربازیی ئەمریكا لە ئوردن لەسەر دەستی ئەو میلیشیایانەی كە ئێران پشتیوانییان دەكات، پێویستی بە وەڵامێكی رون و یەكلاكەرەوە بو..بەداخەوە حكومەت هەفتەیەك چاوەڕێی كردو سروشتی وەڵامدانەوەكەی بۆ جیهان و ئێران راگەیاند."

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا وتوشیەتی، پێویستە ئیدارەی بایدن دان بەوەدا بنێت كە ستراتیژەكەی بۆ رازیكردنی ئێران، كارەساتبار بوە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەقامگیری ناوچەكە. دەبێت بەتوندی دژی ئەوانە بوەستینەوە كە زیان بە ئەمریكییەكان دەگەیەنن، یان هانی تیرۆر دەدەن و هەڕەشە لە هاوپەیمانەكانمان دەكەن.

جەختیشی كردۆتەوە، ئێستا كاتی ئەوەیە بایدن ئەو راستییە بزانێت كە ئەو سیاسەتی رازیكردنەی بەرامبەر ئێران گرتویەتییەبەر، شكستی هێنا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×