ئەمریکا سێ فڕۆكەهەڵگر لە رۆژئاوای زەریای هێمن بڵاوەپێدەكات
  2024-02-01       350       


هێزی دەریایی ئەمریكا سێ فڕۆكەهەڵگری لە كۆی 11 فڕۆكەهەڵگرەكەی لە رۆژئاوای زەریای هێمن بڵاوپێكرد بە مەبەستی “وەڵامدانەوەی چین و كۆریای باكوور” وەك ئەوەی رۆژنامەی (نیكی ئاسیا) بڵاویكردووەتەوە.

رۆژنامەكە دەڵێت، سوپای ئەمریكا هەوڵەكانی زیادكردووە بۆ گەمارۆدانی چین و كۆریای باكوور لەڕێی بڵاوەپێكردنی فڕۆكەهەڵگر، سەرەڕای زیادبوونی مەترسییەكانی لەبارەی ئەگەری فراونبوونی ناكۆكییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

فڕۆكەهەڵگرەكان بریتین لە هەریەك لە، (یو ئێس ئێس كارل ڤینسۆن)، (یو ئێس ئێس سیودرۆ رۆزفلت) و (یو ئێس ئێس رۆنالد ریگان).

بەپێی پەیمانگای دەریایی ئەمریكا، ئەمە یەكەمجارە سێ فڕۆكەهەڵگری ئەمریكی لە ناوچەكەدا بن لەماوەی نزیكەی دوو ساڵی رابردوودا.

بەپێی وتەی بەرپرسێكی دەریایی ئەمریكا “كەشتییەكی هەواڵگریی چینی لە دووریی پێنج تا 10 میل (8 بۆ 12 كیلۆمەتر) لە فڕۆكەهەڵگری (كارل ڤینسۆن) بەدیكراوە، باوەڕوایە كەشتییەكە زانیاریی هەواڵگری كۆكردووەتەوە دەربارەی توانا و پلانەكانی ئەمریكا”.

رۆژنامەكە روونیكردەوە، بڵاوپێكردنی فڕۆكەهەڵگرەكان لەمكاتەدا هەڵگری پەیامێكەوە بەوەی “سوپای ئەمریكا چاوپۆشی لە ناوچەكانی زەریای هندی و هێمن ناكات، لەسایەی ناكۆكییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×