وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: هەر رێکخراوێک هێرشیکردبێتە سەر هێزەکانمان بە بەرپرسی دەزانین
  2024-01-30       401       

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لێپرسینەوە لە هەر "رێکخراوێک" دەکەن  کە بەرپرسە لە هێرشکردنە سەر سەرباز، راوێژکارانی سەربازی و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق، سوریا و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 ئاوێنە: ماتیو میڵەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی بڕیاری کەتیبەكانی حیزبوڵای عێراق بۆ راگرتنی کردە چەکدارییەکانی دژی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، "لێرەوە وەڵامی ئەو راگەیەندراوی رێکخراوە تیرۆریستییەکان نادەمەوە. دەڵێم، هەروەک چۆن پێشتریش وتومە، ئێمە هەر رێکخراوێک بە بەرپرس دەزانین کە بۆمان دەربکەوێت بەرپرسە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان لە ناوچەکەدا."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە پەیوەندی بە بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراقەوە هەیە، ماتیو میڵەر وتی، "ئەوەی کە پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە، ئاماژەمان بەوە کردوە کە دەمانەوێت حکومەتی عێراق کاری زیاتر بکات، لێکۆڵینەوە لەوانە بکات کە بەرپرسن لە هێرشکردنە سەر هێزەکانمان، دەستگیریان بکات و دادگاییان بکات."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، هەمو شت بۆ حکومەتی عێراق جێناهێڵن، بەڵکو "خۆیشمان هەنگاو دەنێین بۆ پارێزگاریکردن لە هێزەکانمان."

ئەوەش لەكاتێكدا كە ئەمشەو سێشەممە، ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق رایگەیاند، لەپێناو شەرمەزار نەكردنی حكومەتی عێراق بڕیاری راگرتنی هێرشەكانیان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا داوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×