داودئۆغڵو بە زمانی کوردی وەڵامی باخچەلی دایەوە
  2024-01-25       1252       

ئەحمەد داودئۆغڵو بە زمانی کوردی وەڵامی دەوڵەت باخچەلی دایەوە و رەخنەی لەو قائیمقامەش گرت کە هێرشیکردە سەر مامۆستایەکی ئایینی کورد.

ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی هاوبەشی پارتەکەیی و پارتی سەعادەت لە پەرلەمانی تورکیا، وەڵامی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)ی دایەوە کە داودئۆغڵوی بە "سەرۆک ئەحمەد" ناو بردبوو.

داودئۆغڵو وتی "باخچەلی ناوی منی بە سەرۆک ئەحمەد هێناوە، منیش دەڵێم، لەم نیشتمانەدا هەموو زمانێک شیرین و بەڕێزە، هەر کاتێک بە کوردی من بە سەرۆک ئەحمەد بانگبکرێم، بۆ ئەوەی دوایی نەوترێت ئەم زمانە بیانییە، منیش بە کوردی دەڵێم سەر سەرا، سەر چاڤا،  بەڵام بیرت بێت من کۆچەر ئەحمەدم، کە لەژێر چادری کۆچەرەکان لەدایکبووم".

داودئۆغڵو لە درێژەی گوتەکانیدا رەخنەی لەو قائیمقامە گرت کە دەوترێت چەند رۆژێک پێش ئێستا، هێرشیکردووەتە سەر مامۆستای مزگەوتێک، تەنیا لەبەرئەوەی ئامادەنەبووە نزا بۆ سەربازە کوژراوەکانی تورکیا بکات و گوتی، بۆچی دەبێت لە ئەنقەرەوە گوتار بۆ سەرجەم مزگەوتەکانی تورکیا بنێردرێت و ناچار بکرێن هەمان وتار بخوێننەوە؟دەبێت دەوڵەت واز لە مامۆستایانی ئایینی بهێنێت بە ئازادیی قسە بکەن.

تاوەکو ئێستا داودئۆغڵو لەسەر بەکارهێنانی ئەو وشەیە چەند جارێک وەڵامی باخچەلی داوەتەوە و ناوەڕاستی ئەم مانگەش گوتی "شانازی بەوەوە دەکەم پێمبوترێت سەرۆک ئەحمەد".

بەکارهێنانی وشەی سەرۆک بۆ داودئۆغڵو لەلایەن باخچەلییەوە دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئەردۆغان لە سەردانێکیدا بۆ دیاربەکر لە ساڵی 2022 لەلایەن لایەنگرەکانییەوە بە سەرۆک بانگکرا، دوای گەڕانەوەی بۆ ئەنقەرە، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان گوتی "من ئەو وشەیە بەکارناهێنم، کاک باخچەلی بە جوانی بەکاریهێناوە و بە سەرۆک ئەحمەد ناوی بردووە".

دەوڵەت باخچەلی لە گوتارێکیدا لەساڵی 2022 گوتی "سەرۆک ئەحمەد بووە بە بەڵای سەری تورکیا".

دەوڵەت باخچەلی داودئۆغڵو بە نزیک لە سیاسەتی کوردی لە باکوری کوردستان دەزانێت و بەکارهێنانی وشەی سەرۆکیش بۆ رەخنەگرتنە لەو نزیکایەتییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×