وەزیرانی دەرەوەی ئێران و پاکستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا
  2024-01-19       542       

بۆ یەکەمینجار لەدوای گرژییەکانی نێوان وڵاتەکانیان، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و پاکستان پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامدا.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە:" حسێن ئەمیر عەبدولهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ جەلیل عەباس جیلانی وەزیری دەرەوەی پاکستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدا".

بەگوێرەی میدیا ئێرانییەکان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکدا حسێن ئەمیر عەبدولهیان رایگەیاندووە:" هاوکاری نێوان هەردوو وڵات بۆ لەناوبردنی پێگە و حەشارگەی تیرۆرستان لەناو خاکی پاکستان پێویستە، هەروەها لەم دۆخەدا کە رژێمی ئیسرائیل دەستی بە کوشتنی ژنان و منداڵانی فەڵەستین کردووە، کاریگەری یەکگرتوویی جیهانی ئیسلامی لە جاران زیاتر هەستی پێدەکرێت".

هاوکات وەزیری دەرەوەی پاکستانیش ئاشکرایکردووە:" لەپێناو هاوکاریکردنی ئێران لە تەواوی بابەتەکاندا لەسەر بنەمای متمانە و هەماهەنگی ئاماەین، پێویستە پەیوەندییەکانمان لە پرسە ئەمنییەکاندا نزیکتر بکەینەوە".

شایەنی باسە دوێنێ پێنجشەممە، سوپای پاکستان چەند خاڵێکی لە شاری سەرەوانی سنووری پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە ئامانج گرت و دواتر میدیا ئێرانییەکان ئاشكرایانکرد، بەهۆی هێرشەکانەوە سێ ژن و چوار منداڵ کوژراون کە هیچیان ئێرانی نین، دواتریش بەرپرسانی ناوچەکە ئاشكرایان کرد، دوو هاوڵاتی دیکە کوژراون و ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە نۆ کەس.

 پاشان وەزارەتی دەرەوەی پاکستان روونیکردەوە، لە هێرشەکاندا چەند ئەندامێکی یەکێک لە گروپە چەکدارە تیرۆرستییەکان بە ئامانج گیراون کە لە ئێرانەوە دژی وڵاتەکەی ئەوان کاریان کردووە. 

پێشتر و لە 16ی ئەم مانگە، سوپای پاسداران بە چەند مووشەکێک چەند شوێنێکی پاکستانی کردە ئامانج، دواتریش جەختی لەوەکردەوە، هێرشەکان بە مەبەستی لەناوبردنی ژمارەیەک ئەندامی یەکێک لە گروپە تیرۆرستییەکان ئەنجامدراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×