پاکستان ھەڕەشە لە ئێران دەکات
  2024-01-17       573       

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان بە توندی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند، ئەو هێرشە قبوڵ ناکەن و لێکەوتەی جدی دەبێت.

دوێنێ شەو سوپای پاسدارانی ئێران بە پاساوی بۆردومانکردنی بارەگاکانی گروپی جەیشی عەدلی پاکستانی، هیرشی مووشەکی کردە سەر خاکی ئەو وڵاتە و ڕایگەیاند دوو بارەگای گروپەکەی خاپوور کردووە.

دوای هێرشەکە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، پێشێلکردنی سەروەری وڵاتەکەی بە قبوڵنەکراو ناو هێناوە و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەو کارە لێکەوتەی جددی دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی پاکستاندا هاتووە کە، پێشێلکردنە بێ پاساوەکانی ئێران بە توندی سەرکۆنە دەکەین کە کوژرانی دوو منداڵ و برینداربوونی سێ منداڵی دیکەی لێ کەوتووەتەوە.

پاکستان لەو بەیاننامەیەدا سەرسووڕمانی خۆی لەو کردەوەی ئێران دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بوونی چەندین کەناڵی پەیوەندی لە نێوان دوو وڵات، دەست بردنی ئێران بۆ کردەوەیەکی لەو چەشنە جێی نیگەرانییە و هاتووە: “پاکستان ناڕەزایەتی توندی خۆی گەیاندووەتەوە بەرپرسانی پایەبەرزی وەزارەتی دەرەوەی ئێران”.

حکومەتی پاکستان هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئێرانی لە ئیسلامئاباد بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد و پێی راگەیاند کە دەرئەنجامی ئەو کردەوە، خودی ئێران لێی بەرپرسیار دەبێت.

بەرپرسانی پاکستانی ڕاشیانگەیاند ئەوان ئامادەن هاوکاری ئێران و وڵاتانی دراوسێی دیکەش بن لە پرسی تیرۆر و ناکرێت تاران یەکلایەنە هیچ کردەوەیەک ئەنجام بدات و ئەوە پێچەوانەی بنەماکانی پەیوەندیی و دراوسێتییە و زیان بە متمانەی نێوانیان دەگەیەنێت.

بۆردومانەکەی ئێران بۆ سەر پاکستان دوای هێرشە مووشەکییەکەی شەوی دووشەممەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هەولیر هات کە شەهیدبوون و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی لێکەوتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×