دادگای ئێران سزای نوێی بەسەر نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا سەپاند
  2024-01-15       349       

دادگای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران، نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە 15 مانگی دیكە زیندانیكردن سزادا، ئەوەش لەسەر "ئەنجامدانی چالاكی لەنێو زیندان."

ئاوێنە: بەپێی كەناڵی تەلەگرامی نێرگز محەمەدی كە لەلایەن كەسە نزیكەكانییەوە بەڕێوەدەبرێت، لەلایەن دادگای شۆڕشەوە، سزای 15 مانگی تر زیندانیكردن، دو ساڵ دورخستنەوە بۆ دەرەوەی تاران، دو ساڵ قەدەغەی چونە دەرەوەی وڵات، دو ساڵ قەدەغەی ئەندابون لە رێكخراوە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان و دو ساڵ قەدەغەی بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك، بەسەر نێرگز محەمەدی، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا، سەپێنراوە.

ئاماژە بەوەشدراوە كە نێرگز محەمەدی لەم دۆسیەیە تۆمەتباركراوە بە پڕوپاگەندە لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو زیندانەوە.

سزاكەی نێرگز محەمەد بەبێ ئامادەبونی خۆی و بەشێوەی غیابی دەركراوە و سكاڵاكارەكەی وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران بوە.

لەماوەی دو ساڵی رابردودا ئەوە پێنجەم سزای نێرگز محەمەدی و سێیەم سزایەتی كە لەسەر چالاكییەكانی لە زیندان لەلایەن دادگاوە بۆی دەردەكرێت.

نێرگز محەمەدی بەكۆی سزاكانی تاوەكو ئێستا بە 12 ساڵ و سێ مانگ زیندانیكردن و لێدانی 154 قامچی و چوار مانگ ئەنجامدانی كاری كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و دو ساڵ قەدەغەی چونە دەرەوەی وڵات و دو ساڵ دورخستنەوەی بۆ دەرەوەی تاران سزادراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×