تاڵیبان بە بیانووی “حیجاب” ژنان دەستگیر دەکات
  2024-01-09       328       

تاڵیبان، لە ناوچەی “خەیرخان” و “بارشی” لە سنووری کابولی پایتەخت، ١٠ ژنی بە بیانووی پابەند نەبوون بە “حجابی زۆرەملێی”ەوە دەستگیر کرد.

تادێت فشارەکان بۆ سەر ژنانی ئەفغانستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تاڵیبانەوە چڕتر دەبنەوە، ئێستا قۆناغێکی دیکەی ئەو پێشلکارییانەی دەستپێکردووە و ژنان بە بیانووی “نەگونجانی حیجاب” یاخود نەپۆشینی “حیجابی زۆرەملێی”ـی دەستگیر دەکات.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی ئەفغانستان پشتڕاستیان کردەوە، کە تاڵیبان لە ناوچەی “خەیرخان” و “بارشی” لە سنووری کابوولی پایتەخت بە بیانووی “نەگونجانی جلوبەرگ و حجاب”ەکەیان، ١٠ ژنی دەستگیر کردووە و تائێستا شوێن بزرن.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، بەپێی زانیارییەکان دەستگیر کراوەکان هیچ کێشەیەک لە جلوبەرگەکانیاندا نەبووە، بەڵام تاڵیبان بە بیانووی ئەوەی “پابەند نین بە حیجابی ئیسلامیی و هەڵسوکەوتەکانیان نەشیاوە” دەستگیری کردوون.

ئاماژەشیان بەوەکردووە، کاتێک تاڵیبان ئەو ژنانەی دەستگیر دەکات بەبێ ئاگادارکردنەوە و هەواڵدان بە کەسوکاریان دەستبەسەریان دەکات و بۆماوەی چەند ڕۆژێک شوێن بزریان دەکات.

لای خۆیەوە فەوزیە کوفی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، لە کاتێکدا جیهان سەرنجیان لەسەر شەڕی غەزەیە، بزووتنەوەی تاڵیبان پێی وایە چاودێری ناکرێت، بۆیە تادێت شەڕی تایبەت لە دژی ژنان توندتر دەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×