لە ئێران ١٦ بۆمبی ئامادەكراو بۆ تەقینەوە پوچەڵكرانەوە
  2024-01-07       361       

بەرپرسی داواكاری گشتی لە پارێزگای كرمانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕایگەیاند، ١٦ بۆمبیان پوچەڵ كردووەتەوە، كە ئامادەكرابوون بۆ ئەوەی‌ لەناو شارەكەدا بتەقێنرێنەوە، دەشڵێن، ٢٣ ئەندامی ڕێكخراوی چەتەكانی داعشییان دەستگیركردووە.

ئاوێنە: مەهدی بەخشی، بەرپرسی داواكاری گشتی لە پارێزگای كرمانی ئێران لەبارەی پوچەڵكردنەوەی چەند بۆمبێك و دەستگیركردنی چەند چەتەیەكی داعش بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی دەدوێت.

مەهدی بەخشی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، لەم ڕۆژانەی دواییدا، هێزە ئەمنییەكانی ئێران ١٦ بۆمبی چێندراویان لە پارێزگای كرمان دۆزیوەتەوە كە ئامادەكرابوون بۆ تەقاندنەوە، دەشڵێت، ئەو بۆمبانە لەلایەن تیمی شارازەوە پوچەڵ كراونەتەوە، هەروەها لە هەمان ماوەدا ٦٠ بۆمبی دیكەیان لە پارێزگا جیاوازەكانی ئێران دۆزیوەتەوە.

ئاماژەی‌ بەوەش كرد، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ٢٣ ئەندامی ڕێكخراوی چەتەی داعش پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكانیان لە شاری كرمان دەستگیركراون، كە پەیوەندییان بەو هێرشەی ئەم دواییەوە هەیە.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەكان بڵاویكردەوە، دەزگا ئەمنییەكان ئۆتۆمبێلێكی پڕ لە تەقەمەنییان پوچەڵ کردەوە كە لە نزیك مەزارگەی قاسم سولەیمانی وەستابوو.

لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی دوو تەقینەوەی خۆكوژیی لە پارێزگای كرمان لە نزیك گۆڕەكەی ئەنجامدرا و بەهۆیەوە ١٠٣ كەس گیانیان لەدەست دا و دەیان كەسی دیكە برینداربوون.

رۆژی‌ شەممەى ڕابردوو وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران رایگەیاند، كە هێزەكانیان توانیویانە ئەو كەسانەی‌ بەرپرسن لە تەقینەوەكانی شاری‌ كرمان بدۆزنەوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی‌ بەوەدا كە “یەكێك لە تیرۆریستەكان هەڵگری‌ ڕەگەزنامەی تاجیكستانە و تا ئێستا ناسنامەی تیرۆریستی دووەم دیاری نەكراوە”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×