ژمارەیەک سەرکردەی سوپای پاسداران لە بۆردوومانێکی ئیسرائیل لە سووریا کوژران
  2023-12-29       643       

کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، بۆردوومانەکانی دوێنێ و ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق، بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران.

لە ئاکامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق لە سووریا بووەتە هۆی کوژرانی ١١ کەس و فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەختی بریندار بووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی جەزیرە، بۆردوومانەکەی دوێنێی ئیسرائیل بۆ سەر فڕۆکەخانەی دیمەشق، بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک سەرکردەی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەو میلیشیانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بوونیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، دوێنێ و ئەمڕۆ هێرشەکانی ئیسرائیل خاڵەکانی ناوچەی باشوور و چەند شوێنێکی دیکەی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێکەوتەوە.

لای خۆیەوە کەناڵی حەدەس ئاماژەی بەوەشکردوە، ژمارەی کوژراوانی فەرماندەکانی هێڵی پێشەوە گەیشتووەتە ١١ کەس و فەرماندەی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ناوی «نەورەت ڕەشید» بە سەختی بریندار بووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەم هێرشانە توندترین هێرشن بۆ سەر سوپای پاسدارانی ئێران و ڕەنگە لە تیرۆرکردنی قاسم سولەیمانی سەختتر بێت. بەئامانجگرتنەکەش لە کاتی پێشوازیکردن بووە لە شاندێکی باڵای ئێران، بەبێ ئەوەی ئەو زیانانەی بەر ئەندامانی شاندەکە کەوتووە بە تەواوی بزانرێت.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی سووریا نامەیەکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و سەرکۆنەی هێرشە دووبارەبووەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی سووریا کرد، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی شەوی ڕابردوو ڕوویانداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×