بەهۆی هێرشی حوسییەكانەوە زیاتر لە ١٠٠ كەشتی ڕێڕەویان گۆڕیوە
  2023-12-21       428       

ڕۆژنامەیەكی بەریتانی بڵاوی كردەوە، بەهۆی هێرشی حوسییەكانەوە ١٠٣ كەشتی كۆنتێنەر لە كەناراوەكانی ڕۆژئاوای یەمەن ڕێڕەویان گۆڕیوە بۆ كەناڵی سوێسی میسری، بەهۆی گۆڕینی ئەو ڕێڕەوە شەش هەزار میل دەریایی ڕێگای كەشتیەكان دوور كەوتوونەتەوە.

ڕۆژنامەی “زە گاردیەن”ی بەریتانی لەبارەی ژمارەی ئەو كەشتیانەی بەهۆی هێرشەكانی حوسییەكانەوە ڕێڕەوەكانیان لە دەریاى سوور گۆڕیووە ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە.

ڕۆژنامەكە بڵاوی كردەوە، بەهۆی هێرشی حوسییەكانەوە ١٠٣ كەشتی كۆنتێنەر ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و ڕێگای كەناڵی سوێسی میسرییان گرتووەتە بەر، ئەم گۆڕانكارییەش لە ڕێڕەودا نزیكەی شەش هەزار میل دەریایی زیاد دەكات بۆ گەشتە بازرگانییە ئاساییەكانی نێوان ئاسیا و ئەوروپا، كە نزیكەى مانگێك كاتی گەیشتنی بارەكان دوا دەكەوێت.

ساڵانە نزیكەی ١٩ هەزار كەشتی بە كەناڵی سوێسدا دەڕۆن، بەمەش دەبێتە یەكێك لە ڕێگا سەرەكییەكانی جیهان، بە تایبەتی بۆ سووتەمەنی بەردینی و ئەو كەلوپەلانەی، كە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت.

بەهۆی ئەم پچڕان و كەمبوونەوەى هاتوچۆی كەشتییەكان نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بەجۆرێک نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی ١.٢٪ زیادی كردووە، دوێنێ بۆ سەرووی ٨٠ دۆلار بەرزبووەوە، لە كاتێكدا هەفتەی ڕابردوو بۆ كەمتر لە ٧٤ دۆلار دابەزیبوو.

مایكل ئالدوێڵ، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری كۆمپانیای كوهنێ و ناگلی بەریتانی دەڵێت، پێشبینی دەكرێت دووركەوتنەوەی گەشتەكان كاریگەری لەسەر ٢٠٪ی هاتوچۆی كەشتییە دەریاییە نێودەوڵەتییەكان هەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، كۆمپانیاكانی جیهان، لەنێویاندا چەندین كۆمپانیای گەورەی درووستكردنی ئۆتۆمبێل، چاودێری دۆخەكە دەكەن، بۆ ئەوەی بزانن ئایا هێرشەكان كاریگەری لەسەر بارەكانیان درووست دەكات یان نا.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە لە غەزە، حوسییەكانی یەمەن پشتیوانی خۆیان بۆ چەكدارەكانی حەماس دووپات كردەوە و ڕایانگەیاند، لە هەموو جێگایەك بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندی ئیسرائیل و هەموو ئەو كەشتیانەش دەكەنە ئامانج، كە لە دەریای سوورەوە بەرەو ئیسرائیل دەچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×