ژمارەی كوژراوانی غەزە ٢٠ هەزار كەسی تێپەڕاند
  2023-12-21       371       

وەزارەتی تەندرووستی غەزە نوێترین ئاماری قوربانییەكانی غەزەی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار هاوڵاتیی فەڵەستینی كوژراون و ٥٢ هەزار و ٦٠٠ كەسیش برینداربوون، ئیسرائیلیش دەڵێت: زیاتر لە هەزار و ٤٠٠ هاوڵاتیی ئیسرائیلی كوژراون.

وەزارەتی تەندرووستی غەزە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لەبارەی ژمارەی كوژرا و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٥٢ هەزار و ٦٠٠ كەس، كە هەشت هەزار لە كوژراوەكان ژنە و شەش هەزار و ٢٠٠ كوژاروی دیكەش منداڵن.

ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كەس لە غەزە ئاوارە بوون و بە هەزاران خانوو و خوێندنگە و بینای حكومی و مزگەوت و كەنیسە زیانیان پێگەیشتووە.

وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردەوە، ژمارەی كوژراونی وڵاتەكەمان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی شەڕی هێزەكانیان لەگەڵ حەماس لە مانگی تشرینی یەكەمەوە تا ئێستا ٤٤٥ سەربازیان كوژراوە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینى یەکەمى ئەمساڵ چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە سەدان كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×